لە ساڵی 2024دا 183 مۆڵەتی دامەزراندنی کارگە و کارخانە دراون


سەرۆکی گشتیی یەکێتیی هاوردە و هەناردەکارانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە ساڵی 2024 دا، 183 مۆڵەتی دامەزراندنی  کارگە و کارخانە دراون.

پێنجشەممە، 2ـی کانوونی دووەمی 2025، شێخ مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆکی گشتیی یەکێتیی هاوردە و هەناردەکارانی هەرێمی کوردستان،  ڕاگەیاند "لە ساڵی 2024دا یەکێتیی هاوردە و ناردنکاری هەرێمی کوردستان بە هاوکاریی حکوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان، پلان و کارەکانی خۆی جێبەجێ کردووە."

دەڵێت: "لە ساڵی 2024 توانراوە 183 مۆڵەت بدرێت بە دامەزراندنی کارگە و کارخانە؛ لە هەولێر، 140 مۆڵەت، سلێمانی 15 مۆڵەت، دهۆک 28 مۆڵەت بووە."

دەشڵێت: "کۆی گشتیی ئەو کۆمپانیایانەی لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون، دوو هەزار و 275 کۆمپانیان، لە نێویاندا  26 کۆمپانیای بیانیش هەن؛ کە بریتین لە کۆمپانیای ئێرانی، تورکی، ئەمەریکایی، بەریتانی، ئوردنی،، چینی و ڕووسی."

گوتیشی: "لە بواری پلاستیک کارگەمان هەیە کە 260 جۆر پلاستیک بەرهەم دەهێنێت، هەروەها کارگەی شیش، چیمەنتۆ و کانزا لە هەرێمی کوردستان هەن و %70 بەرهەمەکانیان بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەنێردرێن."

سەرۆکی گشتیی یەکێتیی هاوردە و هەناردەکارانی هەرێمی کوردستان، باسی لە ئاماری مۆڵەتی هەناردەی کاڵا و ئۆتۆمبیل بۆ ساڵی 2024، کرد و گوتی: "لە گومرگی ئیبراهیم خەلیل 69 مۆڵەت، حاجی ئۆمەران29، باشماخ 42، پەروێزخان 5، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر 19، کۆی گشتیی 164 مۆڵەت دراوە."

ئاماژەی بەوەش دا: "لە ساڵی 2024، لە هەرێمی کوردستان بە گشتیی 130 هەزار و 127 تۆن کاڵا هەناردە کراوە."

شێخ مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان ڕاشیگەیاند "بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، لە ڕێگەی سنوورەکان و فڕۆکەخانەوە هەناردە کراون بریتین لە: هەنار، هەنگوین، سێو، پەتاتە، هەنجیر، ترێ، گوێز، سماق، تەحین. هەروا 100 هەزار تۆن  پەتاتە و  10 هەزار تۆن سێو. جگە لە باشترین جۆری برنجی کوردستان لە ناوچەکانی گەرمیان ئاکرێ و هەریر، هەناردەی ناوەڕاست و خواری عێراق دەکرێت."

باسی لەوەش کرد "ئەمساڵ بەگشتیی لەلایەن دەستەی وەبەرهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە 179 پرۆژە لە 10 کەرتی جیاوازدا بە سەرمایەی سێ ملیار و 410 ملیۆن دۆلار مۆڵەتیان پێ دراوە، لە پێدانی مۆڵەتەکاندا کەرتی پیشەسازی بە 49 کارگە پشکی شێری بەرکەوتووە %3 کۆی مۆڵەتەکانی وەبەرهێنانە."





ئه‌م بابه‌ته 204 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:12:23:02/01/2025