ئەمریکا پێگەی حووسییەکانی لە سەنعای پایتەختی یەمەن بۆردومان کرد ، ترەمپیش دەڵێت، دەبێت ئێران پشتیوانییەکانی بۆ حوسییەکان ڕابگرن.
فڕۆکەکانی ئەمریکا بۆردومانی چەند پێگەیەکی حوسییەکانیان لە یەمەن کرد و بە پێی میدیای حوسییەکان تا ئێستا 9 کەس کوژراون و 9 کەسی دیکەش بریندارن.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند: ئەمڕۆ فەرمانم بە سوپای ئەمریکا کردووە کە چالاکیی سەربازی یەکلاکەرەوە و بەهێز لە دژی تیرۆریستانی حووسی لە یەمەن دەستپێبکات.گوتیشی، وەڵامی جۆ بایدن بەرامبەر هێرشی حووسییەکان لاواز بوو، بۆیە حووسییەکان بەردەوام بوون لە چالاکییەکانیان.
لەبارەی زیانەکانی ئەمریکا بەهۆی حووسییەکانەوە، ترەمپ گوتی، هێرشی حووسییەکان بە ملیاران دۆلار زیانی بە ئابووری ئەمریکا و جیهان گەیاندووە و لە هەمان کاتدا ژیانی کەسانی بێتاوانی خستۆتە مەترسییەوە.
بەشێکی دیکە لە قسەکانی ترەمپ:
هێرشی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییە ئەمریکییەکان تەحەمول ناکرێ. ئێمە هێزی کوشندە بەرامبەریان بەکاردەهێنین تا ئەو کاتەی بە ئامانجەکەمان دەگەین.
جەنگاوەرە ئازاکانمان هێرشی ئاسمانی بۆ سەر بنکە و سەرکردە و بەرگری تیرۆریستان ئەنجام دەدەن، بۆ پاراستنی سەروەت و سامانی ئەمریکا.
هیچ هێزێکی تیرۆریستی ناتوانێت ڕێگری لە کەشتییە بازرگانی و دەریاییەکانی ئەمریکا لە ڕێڕەوی ئاوییە جیهانییەکان بکات.
بۆ هەموو تیرۆریستانی حووسی، کاتی ئێوە تەواو بووە، و دەبێت هێرشەکانتان بوەستێنن، ئەگەر هێرشەکان نەوەستێنن، دۆزەخ بەسەرتاندا دەبارێت وەک ئەوەی پێشتر نەتانبینیبێت.
بەهۆی هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور و ڕاگرتنی هاتوچۆی کەشتییەکان لە گرنگترین ڕێڕەوی بازرگانی نێودەوڵەتی، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی هێرشیان بۆسەر حوسییەکان لە کانوونی دووەمی 2023 دەستپێکرد.
ئهم بابهته 268
جار خوێنراوهتهوه
PM:11:15:15/03/2025