بریکاری
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت:
لەماوەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، 594 پرۆژەی ستراتیژی ڕێگەوبان
لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان جێبەجێکراون. دەشڵێت: پرۆژەکانی دیکەی ستراتیژی لە
دروستکردنی ڕێگە و پرد، دەستییان پێکراوە و بەڕێژەیەکی بەرز کاریان تێدا
ئەنجامدراوە.
پێنجشەممە
26ـی کانوونی یەکەمی 2024، ئاگرین عەبدولڵا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و
نیشتەجێکردن ڕاگەیاند: کابینەی نۆیەم بە کابینەی ڕێگەوبان
ناسراوە، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە لەماوەی کابینەی نۆیەمدا 594 پرۆژەی ڕێگەوبانی
لەسەر بوودجەکانی وەبەرهێنان، ئاسایی، داهاتی وێستگەکانی کێش،لە سەرتاسەری هەرێمی
کوردستان جێبەجێکردوون، دەڵێت: ئەو پرۆژانەی لەسەر بوودجەی وەبەرهێنان
جێبەجێکراون، پرۆژەی ستراتیژی بوون لە دروستکردنی تونێل و پردی گەورە و دوو ساید
دا، دەشڵێت: ڕێگەی گوندەکان لەو پرۆژە ستراتیژییانە فەرامۆش نەکراون، بەشێوەیەک
285 پرۆژە بۆ ڕێگەی گوندەکان بوون.
لەبارەی
پرۆژەی ڕێگەی کەلار-دەربەندیخان، ئاگرین عەبدولڵا گوتی: ڕێگەکە درێژیی 40
کیلۆمەترە و ڕێژەی ئەنجامدانی کار تێیدا نزیک بووەتەوە لە سەدا 88، هەر
لەچوارچێوەی ئەو پرۆژەیە پردێک بەدرێژی 1200 مەتر تەواو کراوە، لە وەرزی یەکەمی
ساڵی داهاتوو کارەکانی پرۆژەکە بە گشتی تەواو دەبێت.
لەسەر
پرۆژەی ڕێگەی تووەقوت-هەڵەبجەش گوتی: پرۆژەکە ڕێگە و پردە، هەڵەبجە بە ڕێگەی
دەربەندیخان دەبەستێتەوە، ئێستا کاری تێدا دەکرێت و کێشەکانی بەردەمی چارە دەکرێن.
پرۆژەی
ڕێگەی هەولێر و کۆیەش بەشێکی دیکەی زانیارییەکانی بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە
بوون و گوتی:" ئەو پرۆژەی ئێستا جێبەجێ دەکرێت دوو بەش لەخۆ دەگرێت، هەندێ
کێشەی یاسایی هەیە دەبێت چارە بکرێن بۆ ئەوەی پرۆژەکە تەواو بکرێت، ئێستا کار لەو
شوێنانە دەستی پێکردووە کە هیچ کێشەیەکی یاساییان نییە.
بریکاری
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی دەڵێت: سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی زۆر ڕژدە لەسەر
ئەوەی، پرۆژەی ڕێگەی هەولێر بۆ کۆیە بە ستانداردی بەرز بەیەکەوە ببەسترێتەوە،
دەشڵێت: پێویستە پرۆژەی ڕێگەی کۆڕێ، شەقڵاوە، قەندیل کە بەشێكی تەواو بووە، چەند
هەفتەیەکی دیکە دەستپێبکاتەوە، لەگەڵ تونێلی ماوەران، بە گشتی پرۆژەکە 98 ملیار
دیناری بۆ تەرخانکراوە.
ئاگرین
عەبدولڵا ئاماژەی بەوە کرد، لە دهۆک، پرۆژەی ڕێگەی باعەدرێ وەک بەشێک لە شادەماری
ڕێگەوبان جێبەجێ دەکرێت، لەویش گرنگتر ڕێگەی کەڵەک- بەردەڕەش کە ڕێگەیەکی گرنگی
بازرگانیی پارێزگای دهۆکە.
ئهم بابهته 416
جار خوێنراوهتهوه
PM:10:25:26/12/2024