به‌هادین كه‌شكۆڵ: ڕێز له دایكتان بگرن تا وه‌ك من نه‌بنه جه‌ماله ژنانی
به‌هادین نووری، هونه‌رمه‌ندی بواری كۆمیدیا، لای بینه‌ران ناسراوە بە به‌هادینی كه‌شكۆڵ، لەم دیدارەیدا لەگەڵ (ئاڵامیدیا)، كاروانی هونه‌ری و ڕه‌وشی كاری دراما و كاردانه‌وه‌ی بینه‌ر له‌سه‌ر كاره‌كته‌ری (جه‌ماله ژنانی!) بۆ ئێمه و خوێنه‌ران باس دەكات و دەشڵێ: ”رۆڵی من لە درامای گەردەلوول یەك ساڵی پێدەچێ."
كه‌ویار عومه‌ر:ئاڵامیدیا
(ئاڵامیدیا)، یه‌كه‌م ده‌ركه‌وتنت له بواری شانۆ و نواندن بۆ كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه؟
به‌هادین كه‌شكۆڵ: له ساڵی 1972 بۆ یه‌كه‌مین جار چوومه سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ و له شانۆگه‌ریی (كاوه‌ی ئاسنگه‌ر) به‌شدار بووم.
(ئاڵامیدیا)، چۆن هه‌ستت كرد خاوه‌ن ئه‌و به‌هره هونه‌رییه‌ی؟
به‌هادین كه‌شكۆڵ: له شانۆگه‌ریی كاوه‌ی ئاسنگه‌ردا و پێشوازیی جه‌ماوه‌ر له ڕۆڵه‌كه‌م، هه‌ستم كرد خاوه‌ن به‌هره‌یه‌كی هونه‌رییم، هه‌ربۆیه له كاروانی هونه‌ریدا، به‌تایبه‌ت لە شانۆ و نواندن به‌رده‌وام بووم.
(ئاڵامیدیا)، بۆچی له‌ناو هه‌موو ئه‌و ڕۆڵانه‌ی له دراماكاندا بینیت، لای بینه‌ر كه‌شكۆڵ بووه بە ناسناوت؟
به‌هادین كه‌شكۆڵ: به‌رنامه‌ی كه‌شكۆڵ یه‌كێك بوو له‌و به‌رنامه سه‌ركه‌وتووانه‌ی كاتی خۆی له‌گه‌ڵ ستافێكی بەئه‌زموون ڕۆڵم تێیدا بینی، نه‌ك هه‌رمن، به‌ڵكوو هه‌موو ئه‌كته‌ره‌كان ناسناوی كه‌شكۆڵیان پێ به‌خشرا، چونكە به‌رنامه‌یه‌كی ته‌نز و ڕه‌خنه‌ئامێز بوو، كه له ڕێگای كۆمیدیاوە دیارده زه‌قه‌كانی كۆمه‌ڵگای پیشانی بینه‌ر ده‌دا، هه‌ر ئه‌م هۆكاره بوو به‌رنامه‌ی كه‌شكۆڵ ئێمەی به جه‌ماوه‌ر ناساند.
(ئاڵامیدیا)، درامای (په‌تری پۆت) هه‌مان سیناریۆی كه‌شكۆڵ نەبوو؟
به‌هادین كه‌شكۆڵ: كه‌شكۆڵ له زه‌مه‌نێكدا په‌خش كرا و په‌تری پۆت له زه‌مه‌نێكی دیكە، ئه‌گه‌رچی شێوازی دەر‌بڕین و ده‌ركه‌وتنی كاره‌كته‌رەكان له یه‌ك جیا ده‌كاته‌وه، به‌ڵام كه‌شكۆڵ جیاوازتر بوو.
(ئاڵامیدیا)،: بۆچی تا ئێستاش درامای (ماڵه‌كه‌ی مه‌عرووف) لای بینه‌ر كۆن نابێت؟
به‌هادین كه‌شكۆڵ: ماڵه‌كه‌ی مه‌عرووف هه‌ڵقوڵاوی كاری ڕۆژانه‌ی ناو خه‌ڵك بوو به ئێستاشه‌وه، تا ئێستا خه‌ڵكانێك بۆ سه‌روه‌ت و سامانی باوكیان وه‌ك عارف و مارف بیر ده‌كه‌نه‌وه، بۆیه هه‌میشه بینه‌ران تامه‌زرۆی درامای (ماڵه‌كه‌ی مه‌عرووف) بوون.
(ئاڵامیدیا)، له درامای (گه‌رده‌لوول)دا ڕۆڵی (جه‌مال)ت به‌رجه‌سته كرد، ویستت چی به بینه‌ر بڵێی؟
به‌هادین كه‌شكۆڵ: به‌هۆی گرته‌یه‌كی ناو زنجیره درامای گه‌رده‌لوول، كە بۆ نه‌سرین پشت له دایكم ده‌كه‌م، ناسناوی جه‌ماله ژنانی به‌سه‌رمدا بڕا، هه‌ر بۆیه لێره‌وه به هه‌موو كوڕێك ده‌ڵێم، ڕێز له دایكتان بگرن، تا وه‌ك من نه‌بن به جه‌ماله ژنانی.
(ئاڵامیدیا)، بۆچی ڕۆڵی ئێوە له كاره هونه‌رییه‌كان زۆرتر ڕۆڵی كۆمیدیایه؟
به‌هادین كه‌شكۆڵ: ئه‌وه‌ی زیاتر له خۆمدا ده‌یبینم كاری كۆمیدیایە، كه هه‌میشه هاوڕێی به‌رده‌وامی ڕێگامه.
(ئاڵامیدیا)، له كام به‌رهه‌مت ڕازیت و له كام ده‌ركه‌وتنیشت په‌شیمانیت؟
به‌هادین كه‌شكۆڵ: له هیچ به‌رهه‌مێكم په‌شیمان نیم، چونكە له‌گه‌ڵ یه‌ك به یه‌كی كاره‌كته‌ره‌كانم ماندوو بووم.
(ئاڵامیدیا)، وه‌ك ده‌زانین هونه‌رمه‌ندی ده‌رهێنه‌ر جه‌لیل زه‌نگه‌نه كار له‌سه‌ر به‌شی چواره‌می گه‌رده‌لوولدا ده‌كات، ئێوە به هه‌مان ڕۆڵی پێشوو به‌شدار دەبن؟
به‌هادین كه‌شكۆڵ: به‌ڵێ وا بڕیاره له به‌شی چواره‌می درامای گه‌رده‌لوول به هه‌مان كاره‌كته‌ری پێشوو به‌شدار بم.
(ئاڵامیدیا)، به‌رهه‌م و پڕۆژه‌ی نوێت چییه؟
به‌هادین كه‌شكۆڵ: ئه‌وه‌ی ئێستا وه‌ك پڕۆژه‌ی هونه‌ریی هه‌یه، ته‌نیا درامای گه‌رده‌لوولە، چونكە ڕۆڵی من له‌ناو دراماكه یه‌ك ساڵی پێده‌چێت.
ئه‌م بابه‌ته 292
جار خوێنراوه‌ته‌وه
PM:10:17:03/03/2025