هونه‌رمه‌ند دیاری عومه‌ر :هیوادارم هه‌ر ئیشێك بكه‌م له هانای قۆپیچی جوانتر بێت.
هونه‌رمه‌ندی بواری شانۆ و دراما، كاره‌كته‌ری (هانا) له زنجیره درامای (گه‌ڕان به‌دوای سێبه‌ره‌كان)، یه‌كێكە له‌و هونه‌رمه‌ندە خۆڕسكانه، هونه‌ری شانۆ و نواندن ده‌كاته یه‌كه‌م هه‌نگاو، تا گه‌یشتن به كاری ده‌رهێنانی شانۆ خانم و به‌شداریی فێستیڤاڵی بابلی كرد. وه‌ك خۆی ئاماژه‌ی پێ كرد، تاكه هونه‌رمه‌ندی كورد بوو له شاری بابل، خه‌ڵاتی ڕێزلێنانی فێستیڤاڵی پێ به‌خشرا. لەم دیدارەیدا بۆ (ئاڵامیدیا) گوتی: ” له‌گه‌ڵ هه‌ر تێبینییه‌كی بینه‌ر و پسپۆڕانی هونه‌ر له‌سه‌ر كاره دراماییه‌كان، من پشتگیری له به‌رهه‌مهێنانی دراما ده‌كه‌م
(ئاڵامیدیا)ده‌كرێ بزانین دیاری عومه‌ر كێیه و كه‌ی به دنیای هونه‌ر ئاشنا بوو؟
دیاری عومه‌ر: من دیاری عومه‌ر، له‌دایكبووی شاری سلێمانی، گه‌ڕه‌كی تووی مه‌لیك، ئاشنابوونم به هونه‌ر ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و كاته‌ی ماڵی باپیرم له گه‌ڕه‌كی سه‌رشه‌قام بوون، ئه‌و سه‌رده‌مه سێ سینه‌ما له سلێمانی هه‌بوون، سینه‌مای سیروان و سینه‌ماد ڵشاد و سینه‌ما ڕه‌شید، كولتووری خه‌ڵكی ئه‌وسای شاری سلێمانی وابوو، بۆ بینینی فیلم به‌خێزانی ده‌چوون بۆ سینه‌ما.
ماڵی باپیرم خێزانێكی كراوه بوون، هه‌ر بۆیه ئه‌و چانسه‌م به‌ر كه‌وت، له‌گه‌ڵ ماڵی باپیرم و باوكم و دایكم و مامه‌كانم بچین بۆ بینینی فیلم، ئه‌مه به‌شێكی بوو، به‌شه‌كه‌ی دیكە ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هونه‌ردۆستیی خێزانه‌كه‌مان كه هونه‌ریان زۆر خۆش ده‌وێت، به‌تایبه‌تی برا گه‌و‌ره‌كه‌م زۆر كات ده‌یبردم بۆ بینینی شانۆگه‌ری، ده‌توانم بڵێم ئاشنابوونم به دنیای هونه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و باكگراو‌نده خێزانییه، به‌تایبه‌تی پاڵپشتیی باوكم و دایك و ته‌واوی خزمه‌كانم كه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هاتنه ناودنیای هونه‌ری له‌لای من دروست كرد، جگه له‌م دڵسۆزییه هیچ باكگراو‌ندێك نه‌بوو كە له خانه‌واده‌كه‌مان یه‌كێك پێش من هونه‌رمه‌ند بووبێت، یان كاری هونەریی كردبێت، ئه‌گه‌رچی براكه‌م ماوه‌ی چه‌ند ساڵێك له‌گه‌ڵ تیپه شانۆییه‌كان كاری ده‌كرد، ئه‌ویش وه‌ك ئه‌كته‌ر نا، به‌ڵكوو تەنیا ڕایه‌ڵه‌ی كاره‌كانی كردوون، بۆیه ئه‌وه‌ی هه‌یه له‌ناو خانه‌واده‌كه‌مان، تەنیا منم وه‌ك هونه‌رمه‌ند له‌ناو شانۆ و نواندن خۆم بینییه‌وه.
((ئاڵامیدیا)ئه‌گه‌ر به‌نێو كاره‌كانتدا گوزه‌ر بكه‌ین، ده‌بینین هونه‌ری شانۆ له‌چاو كاری نواندنی شاشه زیاتر ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه؟
دیاری عومه‌ر: بێ گومان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕۆحی من له‌گه‌ڵ شانۆ زۆر یه‌كانگیره، حه‌ز ده‌كه‌م هه‌موو نواندنه‌كانم ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ بینه‌ردا بن، تا ئه‌وه‌ی كۆنتاك بكه‌م، وه‌ك گریان، پێكه‌نین و تووڕه‌بوون، پێم خۆشه ڕاسته‌وخۆ به‌ر بینه‌ر بكه‌وێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئیشكردنم له‌ناو شانۆ بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه.
هۆكاری دووربوونیشم له شاشه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی ئێستا له‌نێوان ئه‌و ده‌رهێنه‌رانه‌دا هەیە، كە له‌م قۆناغه‌دا ئیش ده‌كه‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌ی زیاتر هاوڕێیانن و رۆڵیان پێدەدەن كه بە‌داخه‌وه كوالێتیی ئه‌كته‌ر ناخوێنرێته‌وه، به‌ڵكوو هاوڕێیه‌تی ده‌خوێنرێته‌وه.
(ئاڵامیدیا)هه‌میشه ده‌گوترێت هونه‌رمه‌ند ئه‌گه‌ر خاوه‌نی سه‌دان كاری شانۆ بێت، ناگات به یه‌ك ده‌ركه‌وتنی شاشه، تۆ چی ده‌ڵێی؟
دیاری عومه‌ر: مه‌رج نییه هه‌ر كه‌س له شاشه‌وه ده‌ركه‌وت ئه‌كته‌ر بێت، یان هه‌ركه‌سێك یه‌ك گۆرانیی گوت پێی بگوترێت گۆرانیبێژ. مه‌رج نییه ئه‌وانه‌ی به‌رده‌وام له شاشه ده‌رده‌كه‌ون پێیان بڵێین هونه‌رمه‌ند، یان بڵێین ئه‌كته‌ر، ئه‌وانه حه‌زی خۆده‌رخستنیان هه‌یه، گرنگ ئه‌وه‌یه له شانۆ بیت یان له دراما، بزانی له‌گه‌ڵ كێ كار ده‌كه‌یت و ده‌رهێنه‌ر و سیناریۆكە كێیه و چییه، گرنگ ئه‌وه‌یه بزانیت به‌ركه‌وتنت له‌گه‌ڵ كام ئه‌كته‌ردا هه‌یه.
(ئاڵامیدیا)له‌نێو هه‌گبه‌ی كاره هونه‌رییه‌كان، به‌تایبه‌تی نواندنی درامای (گه‌ڕان به‌دوای سێبه‌ره‌كان) كاره‌كته‌ری هانا تۆی به بینه‌ر ناساند، له‌مباره‌یه‌وه چی ده‌ڵێی؟
دیاری عومه‌ر: گه‌ڕان به‌دوای سێبه‌ره‌كان یه‌كێك بوو له‌و درامایانەی منی پێ ناسرام، هه‌تا ئێستا و تا ئه‌و كاته‌ی ته‌مه‌نم له‌ناو كاری هونه‌ریدا بێت و له هه‌ر به‌رهه‌مێكی دیكەی هونه‌ریدا ده‌ربكه‌وم، هه‌میشه ده‌ركه‌وتنم ده‌گه‌ڕێنمه‌وه بۆ درامای گه‌ڕان به‌دوای سێبه‌ره‌كان، كه ده‌رهێنه‌ر هونه‌رمه‌ند هاوڕێ مسته‌فا كارێكی جوانی ئه‌نجام دا، هه‌میشه ئامانجی ئه‌وه‌بوو كاره‌كته‌ر له ڕۆڵەكەیدا سه‌ركه‌وتوو بێت، بۆیه منیش كاره‌كته‌ری خۆم به سه‌ركه‌وتوویی پیشانی بینه‌ر دا، شانازی ده‌كه‌م به كاره‌كته‌ری هانا و هیوادارم هه‌ر ئیشێك بكه‌م له هانای قۆپیچی جوانتر بێت.
(ئاڵامیدیا)بە كام بەرهەم به‌شداریت له فێستیڤاڵی شانۆی بابلدا كرد؟
دیاری عومه‌ر: فێستیڤاڵی بابل یه‌كێك بوو له فێستیڤاڵه گه‌وره‌كانی دونیا، ئێمه له سلێمانییه‌وه سێ خانمی هونه‌رمه‌ند بووین، له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان به شانۆگه‌ریی (سه‌یده) به‌شدار بووین، كه له بنه‌ڕه‌تدا ئه‌م شانۆیه ناوی ده‌رده‌دڵ بوو، به‌ڵام ئێمه مۆڵه‌تمان له نووسه‌ره‌كه‌ی وه‌رگرت و ناوه‌كه‌مان گۆڕی بۆ سه‌یده. شانۆگه‌ریی سه‌یده له نووسینی كاروان عەبدوڵا سۆفی و لە ده‌رهێنانی خۆم و نواندن هونه‌رمه‌ندان سه‌رگوڵ حوسێن، دیدار عومه‌ر، خۆم دیاری عومه‌ر بوو، ئه‌م كاره هونه‌رییه یه‌كێك بوو له‌و كارانەی مایه‌ی دڵخۆشی بوو، له‌به‌رئه‌وه‌ی بینه‌ر لێی ڕازی بوو، هیوادارم هه‌موو هونه‌رمه‌ندێكی كوردستان ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی بۆ بڕه‌خسێ، وه‌ك من له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ خه‌ڵاتی فێستیڤاڵ وه‌ربگرێت، لێره‌وه سوپاسی سه‌رۆكی فێستیڤاڵی بابل عه‌لی شه‌لال ده‌كه‌م.
(ئاڵامیدیا)كاری ده‌رهێنان بۆ ئێوه‌ی ئافره‌ت چۆنه؟ هیچ ئاسته‌نگێك له‌به‌رده‌متان هه‌بووه؟
دیاری عومه‌ر: ئه‌گه‌رچی شانۆگه‌ریی سه‌یده یه‌كه‌م كار و ئه‌زموونم بوو، من ئه‌مه به یه‌كه‌م هه‌نگاوی كاری ده‌رهێنانی شانۆییم داده‌نێم، به‌ڕاستی هه‌ر هه‌نگاوێك ئه‌نێیت ئاسته‌نگێك دێته پێشه‌وه، ئه‌گه‌رچی له شانۆگه‌ریی سه‌یده له شاری بابل هیچ ئاسته‌نگێكم بۆ نه‌هاته پێش، له‌به‌رئه‌وه‌ی فێستیڤاڵ بوو، هه‌موو ئاماده‌كاریه‌كییان كردبوو. به ڕای من ئه‌گه‌ر تووشی ئاسه‌ته‌نگیش بیت، گرنگ ئه‌وه‌یه كۆڵ نه‌ده‌یت و به‌رده‌وام بیت و بزانیت چی ده‌كه‌ی و چۆن ده‌ست پێده‌كه‌یت.
(ئاڵامیدیا) پێشوازیی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری له ئاست كار و پڕۆژه هونه‌رییه‌كان چۆن ده‌بینن؟
دیاری عومه‌ر: ڕه‌نگه به‌پێی پێویست وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری ئاوڕی له هونه‌رمه‌ندان نه‌دابێته‌وه، كه ئه‌مه ده‌گه‌ڕێنمه‌وه بۆ به‌رپرسانی ناو وه‌زاره‌ت، هیوادارین ئاگایان له كار و پڕۆژه هونه‌رییه‌كان بێت و خزمه‌تی هونه‌ره‌كه بكه‌ن، چونكه له هه‌موو دونیادا هونه‌ر و وه‌رزش ناسنامه‌ی گه‌لێكن، بۆیه گرنگه هیچ نه‌بێت له ڕێگای هونه‌ره‌كه‌مانه‌وه، بتوانین كولتوور و ئازاری گەلەكەمان به جیهان بناسێنین.
(ئاڵامیدیا) چی وای له تۆ كرد ده‌رهێنان بكه‌یته دوا وێستگه؟
دیاری عومه‌ر: ئه‌گه‌رچی مامۆستا گه‌زیزه و هاوڕێكانم پێشنیاری ئه‌وه‌یان بۆ كردم، كار له‌سه‌ر ده‌رهێنان بكه‌م، خۆشم هه‌میشه خولیام هه‌بووه ڕۆژێك په‌نا به‌رمه به‌ر كاری ده‌رهێنان، ئه‌كرێت بڵێم پشتگیریی هاوڕێكانم هۆكار بوو تا بگه‌م به خه‌ونه‌كه‌م.
(ئاڵامیدیا) پێت وایه ئه‌و كاره درامایانه‌ی ئێستا له ئاستی خواستی بینه‌ردان؟
دیاری عومه‌ر: له‌گه‌ڵ هه‌ر تێبینییه‌كی بینه‌ر و پسپۆڕانی هونه‌ر له‌سه‌ر كاره دراماییه‌كان، من پشتگیری له به‌رهه‌مهێنانی دراما ده‌كه‌م، بوونی باشتره له نه‌بوونی، له‌به‌رئه‌وه‌ی به چه‌ند ساڵ جارێك به‌رهه‌مێكی دراما به‌رهه‌م دێت، ئه‌گه‌ر ئێمه ساڵانه به‌رهه‌مێكی درامان هه‌بێت، بێ گومان ده‌توانرێت ده‌ست له‌سه‌ر خاڵه لاوازه‌كانی پێشوو دابنرێ، من وه‌ك خۆم سوپاسی هه‌موو ده‌رهێنه‌ر و سینارسته‌كان دەكەم، پێیان ده‌ڵێم كۆڵ مه‌ده‌ن و هیچ ڕه‌خنه‌یه‌ك نه‌تانڕووخێنێ.
ئه‌م بابه‌ته 420
جار خوێنراوه‌ته‌وه
PM:09:08:07/02/2025