شۆکە، چۆن دروست دەکرێت و مرۆڤ بۆچی بەکاری دەهێنێت؟
شۆكە، جۆرێكە لەو بەرهەمە سروشتییانەی لە وەرزی پایزاندا لەسەر بەڕوو دەنیشێت، هاوشێوەی گەزۆ، كە لەسەر دارمازوو دروست دەبێت. تامێكی شیرینی هەیە و بەو هۆیەوە بە (شەونمی شیرین) ناودەبرێت. شۆكە لە چەند ناوچەیەكی شاخاوی باشووری كوردستاندا هەیە.
دیمانه:سهردارغهریب
شارهزیان له بواری ڕووهكی ئهوهیان خستووەته روو، لە ڕووی تەندروستیشەوە چەندان سوودی هەیە، باشترین دەرمانی گیاییە بۆ زۆربەی نەخۆشییەكان و باشترین جۆری كالیسیۆمی تێدایە و لە شیر و خورما بەهێزترە و بۆ جەستە وزەبەخشە، هەروەها بۆ كۆكە و هەوكردنی سنگ زۆر باشە. شۆكە سوودیشی هەیە بۆ گەدە و ریخۆڵە و مادەیەكی شلەمەنییه، كه چارەسەری نەخۆشیی كۆڵۆن و رەقبوونی دیوارەكانی ریخۆڵە دەكات، ههر بۆیه گوندنشینانی كوردستان لە زووەوە پێی ئاشنا بوون و دەستیان بە كۆكردنەوە و بەرهەمهێنانی كردووه، بهتایبهتی گوندنشینانی شارباژێر سەروكاریان لەگەڵ كۆكردنەوەی شۆكەدا هەیە.
(خاتوو ئامینه حهسهن فهرهج) یەكێك لەو خانمانەی شارباژێر و دانیشتووی گوندی (بێورێ)ه، ساڵانێكی زۆره وەک وەستای دروستكردنی شۆكە له ناوچهكهدا دەركەوتووە، بۆ ئهم مهبهسته (ئاڵامیدیا) لهنزیكهوه دیداری لهگهڵدا ساز كرد.
(ئاڵامیدیا): دهكرێ بزانین شۆكه چییه و چۆن دروست دهكرێ؟
خاتوو ئامینه: شۆكە بهرههمێكی خۆڕسكی خوداییه، كه لەسەر داربەڕووەكان دهنیشێ. شۆكه هەموو ساڵێك و لەسەر هەموو داربەڕوویەك دروست نابێت.
(ئاڵامیدیا): شێوازی دروستكردنی دۆشاوی شۆكە چۆنه؟
خاتوو ئامینه: دروستكردنی دۆشاوی شۆكه قۆناغ به قۆناغ كاری لهسهر دهكرێ، قۆناغی یەكەم لێكردنەوەی شۆكەیە، قۆناغی دووەم دروستكردنی دۆشاوی شۆكەیە، كه راستەوخۆ بە ئاوی گەرم دەست دەكەین بە شووشتنەوەی و دەبێت لە بەڕووەكەی جیا بكەینەوە، پاشان دەخرێتە ناو مەنجەڵ و دەكوڵێنرێت و هەنگاوەكانی دروستكردنی دۆشاوی شۆكە دەست پێ دەكات. لەكۆتاییدا دەپاڵێورێت و دواتریش لەناو مەنجەڵدا دووبارە دەكوڵێنرێتەوە، دواتر دایدەگرین و تا بۆ رۆژی دواتر دووباره دەیخەینەوە سەرئاگر، واتە دروستكردنی دۆشاوی شۆكە ئەركێكی گرانە.
(ئاڵامیدیا) ئایا شۆكە هەر یەك جۆرە، یان جۆری جیاوازی هەیە؟
خاتوو ئامینه: شۆكە تایبەتە و هەموو ساڵێك روونادات، چەند ساڵ جارێك روودەدات، بۆیە دۆشاوەكەی بە گران دروست دەكرێت و خواستی زۆری لەلایەن هاووڵاتییانەوە لەسەرە. دوو جۆر دۆشاوی شۆكە هەیە، یەكێكیان رەنگی قاوەییە و ئەوی دیكه رەنگی رەشە، رەنگ رەشەكە ئاوی كەمتر تێ كراوە. دۆشاوی شۆكە جگە لە سوودەكانی، تام و چێژێكی تایبەت و شیرینیشی هەیە.
ئهم بابهته 408
جار خوێنراوهتهوه
PM:08:00:21/12/2024